KMMK-G داوای پێکهێنانی کۆمیسیونی لێکۆڵینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات

15:49 - 27 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە سی و پێنجەمین دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسێکی لە سەر زیندانییانی سیاسی و کۆڵبەران پێشکەش بەو ڕێکخراوە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی جۆزەردان، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە سی و پێنجەمین دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە دانیشتنێکدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە زۆربوونی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد و کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەربڕی.

تەیموور ئەلیاسی لە باسەکەیدا پڕژایە سەر، حوکمی زیندانی نادادپەروەرانەی محەممەد نەزەری و عۆسمان مستەفا پوور بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە زیندان دایە، نیشانەی پێشێلکردنی ئاشکرای جارنامەی مافی مرۆڤی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئازادی بیروڕادەبڕینە.

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەڵینەکانی حەسەن ڕۆحانی سەبارەت بە خەڵکی کوردستان کرد کە هەتا ئێستا نەتەنیا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ڕیژەی ئێعدامەکان، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زیادی کردووە.

تەیموور ئەلیاسی لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە شوورای مافی مرۆڤ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە بە هۆی پێشێلکاری ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە، کۆمیسیونێک بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بارودخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێک بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف یەکەمین ڕێکخراوی مافی مرۆییە، کە ڕاپۆرت لە پەیوەندیی لە گەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان، پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێپۆرتێری تایبەت لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران ئیرائە دەکات.