KMMK - G: جاوید ڕەحمان دەبێت کار بۆ ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپور بکات

20:13 - 19 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ داوای هەوڵی دەستبەجێی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، نامەیەکیان لە پێوەندی لەگەڵ سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور\" لە لایەن دادگای باڵای وڵات بۆ جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسی.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە داوا لە ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەکات، کە هەوڵ بۆ ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بدات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لەم نامەیەدا کە بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، خەجتی لەوە کردووەتەوە کە \"کوردەکان هێشتا قوربانیانی سەرەکیی دەزگای ئێعدامی حکوومەتی ئێرانن\".

ڕۆژی دووشەممە ١٦ ڕەزبەر، دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆی، پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانیی سیاسیی کورد، بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگای ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پیشتر یەکێک لە نزیکانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕایگەیاندبوو: پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئێعدام بەسەر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەدا سەپا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگادا بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلوو\" و لە کاتی دووبارە دادگاییکردنی بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی \"سەعید ئەحمەدی و دادوەر قازیزادە\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.