FREEDOM HOUSE: ئازادی چاپەمەنی لەئێران بوونی نیە

14:49 - 10 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی( FREEDOM HOUSE) لەتازەترین ڕاپۆرتدا کە سەبارەت بە ئازادی چاپەمەنی بڵاوی کردووەتەوە، ئێرانی وەکوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە.

ئەو ڕاپۆرتە کە لە ژێر ناوی \" ئازادی چاپەمەنی ٢٠١٥\" بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات ئێران یەکێک لەو ١٠ وڵاتەیە کە فشاری زۆری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان، هەرەها ئەو وڵاتەی بە گەورەترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامە و چاپەمەنی لەقەڵەم داوە.

ئێران، کۆرەی باکوور، کووبا، گینە، ئیریترە، سووریا، ئۆزبەکستان، تورکەمەنستان، کریمە و بلارووس ئەو ١٠ وڵاتەن کە لە راپۆرتەکەی ( FREEDOM HOUSE)دا بە خرابترین شوێن بۆ ئازادی چاپەمەنی ناویان هاتووە.

ناوەندی ( Freedom house) چاپەمەنی لەو ١٠ وڵاتەدا بە وتەبێژی حکوومەت ناودێڕ کردووە و باوەڕی وایە هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەک دەستیان بە زانیاری ئازاد ڕاناگات و هەر چەشنە دژکردەوەیەکیش لەگەڵ ئەشکەنجە و زیندانی کردن بەڕەوروو دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە نیوان ١٩٩ وڵاتی جیهان، ٦٣ شوێن بە وڵاتی ئازاد، ٧١ وڵات بە نیوە ئازاد و ٦٥ وڵاتیش بە نەبوونی ئازادی چاپەمەنی لە ناو ریزبەندەکەدا جێگاییان گرتووە.

\"26272.jpg\"
FREEDOM HOUSE:ئێرانی وەکوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە
لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، نوروێژ و سوید لەو وڵاتانەن کە لە بواری ئازادی چاپەمەنی و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد باشترین پلەیان لە جیهاندا هەیە.

باس لەوەش کراوە کە زۆربەی هاووڵاتیانی دانیشتوانی قاڕەی ئورووپا و ئاسیا کە نزیک بە لەسەدا ٨٢ی خەڵکەکە دەگرێتەوە لە وڵاتانی داخراو و غەیری ئازادا دەژین.

دامەزراوەکە ئەوەشی خستتوەتەڕوو، تەنیا ٢% لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە وڵاتانی ئازاددا ژیان بەسەر دەبەن.

(FREEDOM HOUSE) دامەزرواەیەکی مەدەنی سەربەخۆ لە ئەمریکایە و توێژینەوە لەسەر دێمۆکراسی و ئازادییە سیاسییە و چاپەمەنییەکان دایە.

ئەو ناوەندە ساڵی ١٩٤١ لە شاری واشینتۆن دامەزراوە.