86 دانیشتووی گوندێكی شاری شووت بە تاوانی سیاسی دەستبەسەر كران

14:56 - 29 رەشەمه 2711
كوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا 86 هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"كش ئارخی\"ی شاری شووت لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسۆنی حكوومەت دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگە كراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسادارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری شووت لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رژاونەتە ناو گوندی \"كش ئارخی\" و بەبێ‌ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی و حوكمی قەزایی دەستیان كردووە بە دەستبەسەر كردنی خەڵك و سەرجەم 86 كەس لە لاوانی ئەو گوندەیان قۆڵبەست كردووە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدران رێكەوتی 26ی رەشەمە لە دەرەوەی گوند كەسێكیان بەناوی \"مستەفا گوڵشەن پوور\" دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەی دەكەن و رۆژی 27 و 28ی رەشەمە لە دوو هێرشی جیادا 85 كەسی دیكە لەلاوانی گوندی \"كش ئارخی\" لەلایەن ئتلاعاتی سپاسی پاسدارانەوە دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگە دەكرێن.

گوندی \"كش ئارخی\" سەر بە شاری شووتە لە ئازەربایجانی رۆژئاوا كە دانیشتوانی لە هەر دوو نەتەوەی كورد و تورك پێكهاتوون.

لە درێژەی راپۆرتەكەی هەواڵنێری كوردپادا هاتووە، بەهۆی زەخت و گوشاری خەڵك 84 كەس لە گیراوەكان بە دانانی وەسیقە بە شێوەی كاتی ئازاد دەكرێن و دوو كەس لە گیراوەكان بەناوی \"مستەفا گوڵشەن پوور كوڕی ئەحمەد و چەتین كه‌چه‌ڵانلوو كوڕی جەعفەر\" پاش چەندین كاتژمێر دوای ئەوانی تر نیوە شەو بە دانانی وەسیقە ئازاد كراون.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو دوو كەسە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە زۆر بە توندی ئازار و ئەشكەنجە دراون، بە چەشنێك كە توانایی بە پێوە راوەستان و رێگا رۆیشتنیان نیە.