50 هەزار تمەن مووچەی ژنانی كار لە كرماشان/ زوڵمێكی دیكە لە توێژی ژنان

12:53 - 5 بەفرانبار 2711
كوردپا: رەخساندنی هەلی كار بۆ ژنان و كچان لە دووكان و فرۆشگاكانی كرماشان بە كەمترین مووچەوە ئەم رۆژانە بۆتە دیاردەیەكی ئاسایی و ئەم جۆرە روانینە بۆ ژنان جێگای نیگەرانیە.

زۆربەی فرۆشیار، بەڕێوەبەر و مونشیی فرۆشگا ناوەندییەكانی شاری كرماشان لە ژنان و كچانی پێكهاتوون كە بە مووچەی كەمتر لە سەد هەزار تمەن و زۆر جاریش نزیك بە 50 هەزار تمەن كاریان پێدەكرێ‌كە ئەمەش جۆرێكی دیكەی زۆڵمە لە توێژی ژنان.

هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا لەم بارەوە نووسیویە، جیا لەوەی كە ئەو ژن و كچانە كەمترین مووچەیان پێ‌دەدرێت، لە هەر چەشنە مافێكی بیمە وەكوو بیمەی دەرمانی و حقووقی یاسایی بێبەرین.

خاوەن كارەكان هیچ چەشنە ترسێكیان لە بیمە نەكردنی فرۆشیاران و كرێكارانی ژن نیە و یاساش لەم بارەوە لەو ئاستەدا نیە كە ناچاریان بكات ئەو ریۆشوێنانە رەچاو بكەن.

هەواڵدەریی میهر لە درێژەی راپۆرتەكەدا نووسیویە، گەر بێت و لەلایەن ئەو كچ و ژنانەوە بە نیسبەت كەمیی مووچەەوە ئیعترازێكیش بكرێت لەلایەن خاوەن كارەكانەوە رووبەڕووی دەركردن دەبنەوە، بۆیە جیا لە قبووڵ كردنی ئەو دۆخە هیچ چارەیەكی دیكەیان نیە.

یەكێكی تر لە گرفتەكانی كچان و ژنانی فرۆشیار لە بازاڕەكانی كرماشان، زۆریی سەعاتی كارییە كە زۆربەیان لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە درەنگان بەو مووچە كەمەوە كاریان پێدەكەن.

مریەم یەكێك لە فرۆشیاران لە پاساژی ئەرگی كرماشان بە هەواڵدەریی میهری راگەیاندووە، لە كاتژمێر 8ی بەیانیەوە هەتا ئێوارەی درەنگ دەبێ‌بە مووچەیەكی كەمتر لە 100 هەزار تمەن لەم فرۆشگایەدا لەگەڵ كڕیاری جۆراوجۆر بەرەوڕوو بین.

مریم ئاماژەی بەوەش داوە كە: نە ئیزنی مەرەخەسیمان هەیە، نە بیمە، نە مووچەی كاری زیادە، لە بنەڕەتدا خاوەن كارەكان هیچ بایەخێك بۆ فرۆشیارانی كچ و ژن دانانێن و ئەگەریش ئیعتراز بكەین، رووبەڕووی دەركردن دەبینەوە.

خاوەن دووكان و فرۆشگاكانیش لەو باوەڕە دان كە داهاتی كەمی دووكانەكان بۆتە هۆی ئەوەی كە مووچەی ئەو ژن و كچانە كەم بێت و پێیان وایە زۆر كچ و ژن هەن كە حازرن بە مووچەی كەمتر لە 100 هەزار تمەنیش كار بكەن.

كارناسان و كۆمەڵناسانی كۆمەڵگای ئێران لەو باوەڕە دان، یەكەمین و رەنگە گرینگترین هۆكاری ئەو زوڵمەی كەلە ژنان و ژنانی فرۆشیار دەكرێت، هەمان نەبوونی كار و داواكاریی زۆریی كارە، لە ماوەی یەك دەیەی رابردوودا لە ئێران ژنانیش شانبەشانی پیاوان بۆ بژیوی ژیانیان هاتوونەتە بازاڕی كارەوە و بە قبووڵ كردنی مووچەی كەم زوڵمێكی دیكەیان لێ‌دەكرێت.