44 رۆژنامەنووسی کورد لە کوردستانی تورکیا دەستبەسەر کران

17:33 - 21 خەرمانان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە کوردستانی تورکیا 44 رۆژنامەنووسی کورد دەستبەسەر کراون کە چاوەروانی حوکمی دادگا دەکەن.

بە پێی هەواڵی “PUK media” ئەو چل‌وچوار رۆژنامەنووسە دەستبەسەر کراوەی کوردی کوردستانی تورکیا کە زۆربەیان هەواڵنێرانی ئاژانسی دیجلە و ڕۆژنامەکانی \"ئۆزگۆر گوندەم\" و \"ئازادییا وەلات\"ن چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پانزدەیەمی دادگا لە ئستانبۆڵن.

دە ئەنجامی هێرش و دەست‌بەسەرکرانەکانی رۆژی 24ی بەفرانباری ساڵی پێشوو دا کە بۆ سەر ئەندامان و گومان‌لێکراوەکانی \"کۆما جڤاکێن کوردستان\" KCK کرا، سی‌وشەش رۆژنامەنووس دەست‌بەسەرکراون کە تا ئێستاش دانیشتنەکانی دادگا بێ ئاکام بووە و حوکمیان بۆ نەبڕاوەتەوە.

ئەو 8 رۆژنامەنووسە دەستبەسەر کراوەی تریش هەر بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی تورکیا گیراون.

هێندێک لە راوێژکارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان پێیان وایە وەدواخستنی دانیشتنەکانی دادگا مەبەست‌دارە و بۆ درێژخایەن‌کردنی کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو رۆژنامەنووسانەیە.

دە یەک ساڵی رابردوودا گوشار بۆ سەر رۆژنامەنووسانی کورد لە کوردستانی توکیا پەرەی گرتووە.

حەفتەیێک لەمەوبەریش \"ئۆرهان میرئۆغلۆ\"ی رۆژنامەنووسی کورد لە کارکردن لە رۆژنامەی \"تەرەف\"دا بێ‌بەشکرا.