4 حاڵەتی خۆ كوژی لە هەر حەفتەیەكدا/ خۆكوژی لە ئیلام قەیرانی كۆمەڵایەتیی

14:31 - 11 بەفرانبار 2711
كوردپا: خۆ كوژی لە پارێزگای ئیلام بۆتە قەیرانێكی كۆمەڵایەتیی و ئەمە نێگەرانییەكی بەر چاوی لای هاووڵاتیان و ناوندەكانی مافی مرۆڤ درووست كردووە.

لێپرسراوی گشتیی بهزیستی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەپێی ئەو لێكۆلینەوەانەی كە ئەنجام دراون بە شێوەی نێوەنجی هێندێجار رێژەی خۆكوژی لەو پارێزگایەدا گەیشتووتە 4 كەس لە هەر حەفتەیەكدا.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"سادق روستەمی\"یەوە بڵاوی كردەوە، ئەو خۆكوژییانە زیاتر لەلایەن ژنانەوە روو دەدەن و زیاترین حاڵەتی خۆكوژی لە شاری ئەیوان تۆمار كراوە.

بەوتەی رۆستەمی، ئەو كەسانەی كە دەست دەدەنە خۆكوژی تەمەنیان لە خوارووی 30 ساڵە.

ئەو لێپرسراوەی یەكێك لە هۆكارەكانی خۆكوژی ژنانی گەڕاندەوە بۆ، جیا بوونەوە(تەلاق) و كاریگەرییەكانی ئەو حاڵەتە كۆمەڵایەتییە لە سەر ئەو توێژەیە.

رۆستەمی لەو باوەڕەدایە ئەو ژنانەی كە لە هاوسەرەكانیان جیا دەبنەوە دەبێناوەندێكی تایبەت بەوان هەبێت هەتا بتوانرێت راوێژیان لە گەڵ بكرێت.

بەوتەی داریوش قەنبەری نوێنەری ئیلام و ئەیوان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی 1389دا 1200 حاڵەتی خۆكوژی لە پارێزگای ئیلام رووی داوە.