ئاودانان/ئیلام؛ هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی عەلیڕەزا هێممەتی، چالاکی سێنفی و مەدەنی، دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلی شەخسی و بانگکردنی بۆ دادگا
١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی «عەلیڕەزا هێممەتی»، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلە شەخسییەکانیدا گرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ لە دادگای ئینقلابی ئیلام ئامادە بێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنی و سێنفییە و دەستیان بەسەر لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتووە. هاوکات بڕیاری بانگکردنەکەیان بۆ دادگای ئینقلابی ئیلام پێ ڕاگەیاندووە.
ئەم هێرشە بووەتە هۆی دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن بۆ خۆی و بنەماڵەکەی.
عەلیڕەزا هێممەتی، هاووڵاتیی کوردی لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، بە ٢٨ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتییە کە لە هاوینی ١٤٠٢دا بە هۆی چالاکییە سێنفییەکانییەوە بۆ ماوەی سێ مانگ، لە کارەکەی دوور خرایەوە. بەشداریکردن لە کۆبوونەوە سێنفییەکانی فەرهەنگیان و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ لە چالاکییەکانی ناوبراون.