ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و نادیاریی چارەنووسی یووسف کولۆنەک‌زاده، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردی

13:41 - 19 پووشپەڕ 2726

١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی یووسف کولۆنەک‌زاده،، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ورمێ، ناوبراو هێشتا بە شێوەیەکی نادیار و لەکاتێکدا کە چارەنووسی ناروونە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا بەسەر دەبات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، تاکوو ئێستا دادگا بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی بە دانانی بارمتە ڕەزامەندیی دەرنەبڕیوە.

سەرەتای مانگی بانەمەڕی ١٤٠٥،  ئەم هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

تاکوو ئێستا لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی یووسف کولۆنەک‌زاده کراون، زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.