مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی کەماڵ پیرانپوور و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار

13:36 - 19 پووشپەڕ 2726

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی «کەماڵ پیرانپوور» بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئێوارەی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «کەمالڵ پیرانپوور»، کوڕی حەسەن، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

لە سیستمی سەرکوت و دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بێبەشکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە بووەتە بابەتێکی باو و دەسبەسەرکراوان لە شوێنە نادیارەکاندا، بە تەواوی لە هەمووی ئەم مافانە بێبەشن.