کامێران؛ عیسا فەیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو پاش سەردانی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

13:19 - 17 جۆزەردان 2726

ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، عیسا فەیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو پاش سەردانی ئیتلاعاتی کامێران بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی بنەماڵەکەی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی، هاوسەر و برای هاوسەری عیسا فەیزی بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە کامێراندا دەسبەسەر کرا و پاش زیاتر لە پێنج مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرا. ئەو دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە شەش ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.

جەماڵ ڕەحمانی، ئەندامی شۆرای ڕێبەری کۆمەڵگەی دێموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)، برای کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی لە ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کوژراوە و بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی یا ئاگاداربوون لە شوێنی بەخاکسپاردنی چەند جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کامێران و سنەیان کرد بەڵام تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیان بە ناوی ڕێبین ڕەحمانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی بەڕێوەبەریی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانە.

کەژاڵ ڕەحمانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کامێران و سنە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە. ناوبراو کە لە نەخۆشخانەی سینای کامێران وەک پەرستار کاری دەکرد، لە پاییزی ١٣٩٨دا و دوابەدوای گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەر کرا.

دانیال ڕەحمانی، خوێندکاری ئەندازیاریی کامپیۆتری زانکۆی ئازادی سنەش لە ساڵەکانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە لە کامێران بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم سێ هاوولاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.