کامێران؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

13:10 - 17 جۆزەردان 2726

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی کامێران بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کەژاڵ و دانیال لە شاری کامێران و پاش شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، ئەم خوشک و برایەیان دەسبەسەر کردوون.

جەماڵ ڕەحمانی، ئەندامی شۆرای ڕێبەری کۆمەڵگەی دێموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)، برای کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی لە ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کوژراوە و بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی یا ئاگاداربوون لە شوێنی بەخاکسپاردنی چەند جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کامێران و سنەیان کرد بەڵام تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیان بە ناوی ڕێبین ڕەحمانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی بەڕێوەبەریی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانە.

کەژاڵ ڕەحمانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کامێران و سنە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە. ناوبراو کە لە نەخۆشخانەی سینای کامێران وەک پەرستار کاری دەکرد، لە پاییزی ١٣٩٨دا و دوابەدوای گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەر کرا.

دانیال ڕەحمانی، خوێندکاری ئەندازیاریی کامپیۆتری زانکۆی ئازادی سنەش لە ساڵەکانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە لە کامێران بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە.