ئاسمانئاباد/ئیلام؛ ١٧ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ٣ لاوی کورد؛ عەلیڕەزا قاسمنژاد، ئارمین ئەسەدیان، ئەحمەدڕەزا کوهزادیانی
١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سێ لاوی کودی خەڵکی ئاسمانئاباد سەر بە پارێزگای ئیلام، بە ناوەکانی "عەلیڕەزا قاسمنژاد"، "ئارمین ئەسەدیان" و "ئەحمەدڕەزا کوهزادیانی" هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە. بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی، بێبەریبوون لە هەر چەشنە پێوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕانەگەیشتنیان بە پارێزەر، نیگەرانیی کەسانی نزیکی ئەوانی سەبارەت بە گیان و چارەنووسیان پەرە پێ داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش بۆ سەر ماڵی ئەم سێ لاوە کوردەی خەڵکی ئاسمانئاباد و بە بێ بەڵگەی یاسایی، بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران، هێشتا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بڵاو نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.