فەتحوڵڵا ئاوەری، هەژدەیەمین ناڕازیی بەفرانبار لە سێدارە درا؛ دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو بڵاو کرایەوە

13:18 - 16 جۆزەردان 2726

۱۳ ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ میدیا حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە هەواڵدەریی میزان باسی لە لەسێدارەدانی "فەتحوڵڵا ئاوەری" لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠٤دا کرد.

لەم ڕاپۆرتانەدا ئاماژەیەک بە شوێنی جێبەجێکرانی حوکمەکە نەکراوە. ئەم حوکمە بەشێوەی نهێنی و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی بنەماڵە جێبەجێ کراوە و ناوبراو لە مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. هێزی دادوەریش بە بێ ئاماژە بە وردەکارییەکانی ڕەوتی دادڕەسی، تەنیا ڤیدیۆیەکی مۆنتاژکراوی لە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو بە بێ ڕێکەوت و بەڵگە بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵدەریی میزان ئیدعای کردووە کە حوکمی لەسێدارەدانی فەتحوڵڵا لە چوارچێوەی "قساس" و لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی هێزێکی ئینتیزامی بە ناوی "سەرگورد محەممەدجەواد بەخشیان" لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی هەمەداندا جێبەجێ کراوە. ئەم میدیایە پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانەکە، ڤیدیۆیەکی ٣٧ چرکەیی بڵاو کردەوە کە تێیدا دیمەنێک لە دەرگیرییەک لە سەر شەقام بە بێ رێکەوت و کاتژمێر دەبینرێت و ژمارەیەک کەسیش بە دەموچاوی داپۆشراوەوە تێیدان. دەنگی دانپێدانانی زۆرەملێی فەتحوڵڵا ئاوەری لەسەر ئەم ڤیدیۆیە دانراوە و تێیدا ئیدعا دەکرێت کە بە "چەقۆ چەند جار لە سکی ئەو کەسەی داوە کە لەسەر زەوییەکەیە."

فەتحوڵڵا ئاوەری تەنیا بۆ چەند چرکە لەم ڤیدیۆیەدا دەبینرێت. لە بەشی کۆتاییدا، دیمەنێک لە جلێکی ڕەش و چەقۆیەک پیشان دەدرێ؛ دیمەنگەلێک کە هەواڵدەریی میزان سەبارەت بەوانە نووسیویە: "پاش دەسبەسەرکردنی فەتحوڵڵا و پشکنینی شوێنی مانەوەی، کەرەستەی قەتڵ(چەقۆ)، جلی ڕەشی خوێناوی و هەروەها هەمان کەوشی سپی کە لە ڤیدیۆی کامێرای چاوەدێریی شوێنی ڕووداوەکەدا بینرابوو، دۆزراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ڤیدیۆکاندا کە خودی هەواڵدەریی میزان بڵاوی کردوونەتەوە، هیچ دیمەنێک لە نزیکی فیزیکیی نێوان کەسێک کە ئاماژەی پێ کراوە و قوربانییەکە نابیندرێ کە بتوانێ خوێناویبوونی جلەکان ڕوون بکاتەوە. هەروەها لە دیمەنی کۆتاییدا کە لەژێر ناوی دۆزینەوەی "جل و چەقۆ" بڵاو کراوەتەوە، ئاسەوارێک لە خوێن لەسەر جلەکە نابیندرێ.

لە پێوەندی لەگەڵ رەوتی دادڕەسیی فەتحوڵڵا ئاوەریدا، ڕوون نییە کە ئەو دەستی بە چ جۆر پارێزەرێک، دیاریکراوی خۆی یان داسەپاوی حکوومت، ڕاگەیشتووە و ماوەی کۆبوونەوەکانی دادگا ڕوون نین، شێوەی بەرگریی ناوبراو و پارێزەرەکەشی دیار نییە. ڕەوتی بەپەلەی دەرچوون و جێبەجێکرانی حوکمەکە لە ماوەی چەند مانگدا، بە بێ ئاماژە بە ڕێکەوتی ورد و دروستی دەسبەسەرکران، نیشانەیەک لە پێڕاگەیشتنی نادادپەروەرانەیە. هەواڵدەریی میزان تەنیا بەشێوەی کورت ئاماژەی بە جێبەجێکرانی حوکمی قساسی ناوبراو کردووە و لەکاتێکدا کە فەتحوڵڵا ئاوەریی لەژێر ناوی "ئاژاوەگێڕ"دا پێناسە کردووە و دەسبەسەرکردن و حوکمدرانیشی لەسەر ئەو بنەمایە بووە.

لە کاتی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرتاسەریی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان تا ئاخرین ئاماری تۆمارکراوی لەسێدارەدانەکان لە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی زنجیرەیەکی ترسناک و بەپەلەی لە قەتڵە قەزاییەکان جێبەجێ کردووە؛ بەجۆرێک کە لە ماوەی ١٠ حەفتەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٧ ناڕازیی لە سێدارە داوە. زنجیرەیەک لە لەسێدارەدانی ناڕازییان کە نیشانی دەدات لە هەر ٤.٥ ڕۆژدا، یەک ناڕازی لە سێدارە دراوە.

ڕوانینێکی وردتر بەم زنجیرەی لەسێدارەدانانە نیشانی دەدات کە بۆ ١٧ ناڕازی، مەودای نێوان دەسبەسەرکران و جێبەجێکرانی حوکمی مەرگ تەنیا ١٤٣ ڕۆژ بووە، واتە کەمتر لە پێنج مانگ. لەم ماوە کورتەدا، سووڕی سەرکوت لە دەسبەسەرکران، لێپرسینەوە، ژووری تاکەکەسی، موحاکمە و سێدارە پێک هاتووە و جێبەجێ کراوە؛ ئەم خێراییە بەرچاوە لە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکم، نیشاندەری سڕینەوەی تەواوی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و گۆڕدرانی دەزگای دادوەری بۆ ماشینێکی سڕینەوەی سیاسیی ڕێکخراوە.

ناوی لەسێدارەدراوانی ئەم ماوەیە بریتییە لە: ئەشکان مالکی، مێهرداد محەممەدی‌نیا، محەممەد عەباسی، ئیبراهیم دەوڵەت‌ئابادی‌نژاد، مێهدی ڕەسووڵی، محەممەدڕەزا میری، عەباس ئەکبەری فەیزئابادی، ساسان ئازادوار، عرفان کیانی، ئەمیرعەلی میرجەعفەری، ساڵح محەممەدی، سەعید داوودی، مێهدی قاسمی، ئەمیرحوسێن حاتەمی، محەممەدئەمین بیگلەری، شاهین واحدپەرەست و عەلی فەهیم.