١٧ لەسێدارەدان لە ١٠ حەفتەدا؛ زنجیرەی لەسێدارەدانی بەپەلەی ناڕازییانی بەفرانبار

11:59 - 16 جۆزەردان 2726

۱۲ ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ لە کاتی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرتاسەریی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان تا ئاخرین ئاماری تۆمارکراوی لەسێدارەدانەکان لە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی زنجیرەیەکی ترسناک و بەپەلەی لە قەتڵە قەزاییەکان جێبەجێ کردووە؛ بەجۆرێک کە لە ماوەی ١٠ حەفتەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٧ ناڕازیی لە سێدارە داوە.

زنجیرەیەک لە لەسێدارەدانی ناڕازییان کە نیشانی دەدات لە هەر ٤.٥ ڕۆژدا، یەک ناڕازی لە سێدارە دراوە.

ڕوانینێکی وردتر بەم زنجیرەی لەسێدارەدانانە نیشانی دەدات کە بۆ ١٧ ناڕازی، مەودای نێوان دەسبەسەرکران و جێبەجێکرانی حوکمی مەرگ تەنیا ١٤٣ ڕۆژ بووە، واتە کەمتر لە پێنج مانگ. لەم ماوە کورتەدا، سووڕی سەرکوت لە دەسبەسەرکران، لێپرسینەوە، ژووری تاکەکەسی، موحاکمە و سێدارە پێک هاتووە و جێبەجێ کراوە؛ ئەم خێراییە بەرچاوە لە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکم، نیشاندەری سڕینەوەی تەواوی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و گۆڕدرانی دەزگای دادوەری بۆ ماشینێکی سڕینەوەی سیاسیی ڕێکخراوە.

ناوی لەسێدارەدراوانی ئەم ماوەیە بریتییە لە: ئەشکان مالکی، مێهرداد محەممەدی‌نیا، محەممەد عەباسی، ئیبراهیم دەوڵەت‌ئابادی‌نژاد، مێهدی ڕەسووڵی، محەممەدڕەزا میری، عەباس ئەکبەری فەیزئابادی، ساسان ئازادوار، عرفان کیانی، ئەمیرعەلی میرجەعفەری، ساڵح محەممەدی، سەعید داوودی، مێهدی قاسمی، ئەمیرحوسێن حاتەمی، محەممەدئەمین بیگلەری، شاهین واحدپەرەست و عەلی فەهیم.


 بەپێی بەڵگە مافی مرۆییەکان، تۆمەتبارانی ئەم دۆسییانە لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەری کراون؛

ـ بێبەریکرانی ڕەها لە پارێزەری دیاریکراو: هیچکام لە دەسبەسەرکراوان ئیزنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دیاریکراوی خۆیان نەبووە.

ـ سەپاندنی پارێزەری حکوومەتی: ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە سەپاندنی پارێزەری دیاریکراوی حکوومەت، مافی بەرگرییان لە تۆمەتباران زەوت کردووە؛ پارێزەرگەلێک کە لەجیاتی بەرگری، لە ڕۆڵی باسکی یارمەتیدەری لێپرسە ئەمنییەتییەکان دەردەکەوتن.

ـ لەسێدارەدانی نهێنی: حوکمی سێدارەکان بەشێوەی تەواو نهێنی، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی بنەماڵەکان و بە بێبەریکردنی ڕەهای بەندکراوان لە مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ ئازیزەکانیان جێبەجێ کراون.

 

خشتەی کاتەکانی بەڵگەمەندکراوی دادڕەسی و لەسێدارەدانی ١٧ ناڕازی (ماوەی زەمەنیی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ هەتا ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥)؛

١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤: دەسپێکی شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناڕازییان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤: دەسپێکی فەرمیی ماشینی سێدارەی ناڕازییانی بەفرانبار (جێبەجێکردنی یەکەمین حوکمی سێدارە).

٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ هەتا ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥: جێبەجێکرانی دوابەدوای یەک و زنجیرەیی حوکمەکانی سێدارە؛

بەجۆرێک کە لەم ماوە زەمەنییەدا، لە هەر ٤.٥ ڕۆژدا یەک ناڕازی لە سێدارە دراوە.

٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ تا ئەم خاڵە لە زنجیرەی لەسێدارەدانەکان، ژمارەی ناڕازییانی لەسێدارەدراو گەیشتووەتە ١٧ کەس.

کوردپا ئەم زنجیرە لەسێدارەدانەی ناڕازییانی بەفرانباری ١٤٠٤ کە تێیدا ١٧ کەس لە مەودای کەمتر لە پێنج مانگ لە کاتی دەسبەسەرکران هەتا جێبەجێکرانی حوکمەکەیان گیانیان لەدەست داوە، بەتوندی مەحکووم دەکات. کوردپا بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە بەردەوامیی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە دژی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ڕیپۆرتەرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکارە مافی مرۆییەکان و بیروڕای گشتی دەکات کە بۆ وەستاندنی ئەم ڕەوتە، پێشگرتن لە لەسێدارەدانی باقی ناڕازییان کە لە مەترسیدان و وڵامدەرکردنی بکەرانی ئەم پێشێلکارییە جیددییەی مافی مرۆڤ، هەوڵی دەسبەجێ و خێرا بدەن.