بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان؛ سرووش کەرەمی، لاوی ١٨ ساڵانی کورد، پاش ٥ مانگ ناڕوونیی چارەنووس بە تۆمەتی "موحاربە" ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتی کرا
۲۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی "سرووش کەریمی" لاوی کوردی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی کە "موحاربە" بووە، ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتیی بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: سرووش کەرەمی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کرماشاندا دەسبەسەر کرابوو و پاش زیاتر لە ٥ مانگ دەسبەسەرکران سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتیی بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان کرا و تۆمەتی "موحاربە"ی وەپاڵدراوی بۆ ڕوون کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسییەی ئەم دەسبەسەرکراوە سیاسییە لە لقی ١٦ی لێپرسینەوەی کرماشاندا لێکدانەوەی بۆ کراوە و لەم دواییانەدا بۆ پێڕاگەیشتنی دادوەری ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی کرماشان کراوە.
کوردپا پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا، لە ٤٣ـیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی ڕەهای چارەنووسی سرووش کەرەمیدا، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم لاوە کوردە تەمەن ١٨ ساڵانەی خەڵکی کرماشان، شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە گەڕەکی "مەسکەن"ی کرماشان و سەرکوتی خوێناویی هاووڵاتییان و دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ سرووش کەرەمی پاش ٥ مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکسیی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی کرماشان، ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵئاوا کرا.
لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ ناوەند یان دامەزراوەیەک وڵامدەری دۆخ و چارەنووسی ناوبراو نەبووە. ناوبراو لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.