سەقز؛ دوو ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەشکان ئابخۆ
٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئەشکان ئابخۆ" لاوی تەمەن ٢٧ ساڵانی خەڵكی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەشکان ئابخۆ" ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ئارایشگاکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵە و کەسانی نزیکی ناوبراویان وتووە کە تەنیا بۆ چوار کاتژمێر لەگەڵ خۆیانی دەبەن و دواتر ئازاد دەکرێ، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەشکان ئابخۆ لەم ماوەیەدا لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەویەکیان نەداوە.