بۆکان؛ ڕەسووڵ یادیار بە ٩ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر مەحکووم کرا

13:08 - 19 جۆزەردان 2726

١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ ڕەسووڵ یادیار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی فەخری" بە ٩ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەی لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا لە دادگای ئینقلابی شاری بۆکان بەڕێوە چوو و ناوبراو بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی ئەندامگیری بۆ ئەو حیزبە"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەسەر دیواری گوندەکانی دەوروبەری بۆکان" بەڕیز بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو، یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

ئەم سەرچاوەیە ڕیاگەیاند: هەروها دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە سزای تەواوکەر بۆ پێشگرتن لە چوونەدەرەوەی لە وڵات هەتا کاتی جێبەجێرانی سزاکەی بە ڕێگرکردن لە چوونەدەرەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کرد.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: دادگای ئینقلابی بۆکان، بۆ دەرکردنی حوکم دژی ڕەسووڵ یادیار پشتی بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە بەستووە و تەنیا یەک حاڵەتی سزای زۆر و سزا تەواوکەرەکەی جێبەجێ دەبێ.

ڕۆژی شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕەسووڵ یادیار کە زیاتر لە ٤ مانگ بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا و بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرابوو و بە هۆی ئەشکەنجەی توندی جەستەییەوە گیانی لە مەترسیدا بوو، بە دانانی بارمتەی قورسی ٦ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

پێشتر کوردپا لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤دا و لە یازدەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ڕەسووڵدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو پاش ئەشکەنجەی توندی جەستەیی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان، بۆ دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراوە و بە بێ دەسپێڕاگەیشتنی پزیشکی و بە بێ مافی پێوەندی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، لە دۆخێکی ناجێگیردایە و گیانی لە مەترسیی جیدیدایە. بنەماڵەی ناوبراو بەقووڵی نیگەرانی دۆخی جەستەیی و چارەنووسی ناوبراو بوون.

ڕەسووڵ یادیار شەوی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕەسووڵ یادیار خەڵکی گوندی "گۆگتەپە" سەر بە شاری بۆکان، تەمنەی ٣٠ ساڵە، خێزاندارە و لە نانەوایی کار دەکات.