دێولان؛ محەممەدوڵڵا ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا
ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، محەممەدوڵڵا ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵكی دێولان و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ کۆمەڵایەتیی نۆژین، پاش بانگکران بۆ بەشی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی دێولان دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
کوردپا پێشتر بڵاوی کردبوویەوە کە ؛ محەممەدوڵڵا ڕەزایی، خەڵکی سنە و دانیشتووی دێولان ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ناوبراو پاش ٥٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.