ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠٤؛ مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالکی، لە ناڕازییانی بەفرانبار بە شیوەی نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سیدارە دران
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، باسی لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی مێهرداد محەممەدینیا کوڕی موحەڕەم و ئەشکان مالکی، کوڕی عەلی لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ کرد.
ئەم دوو ناڕازییە کە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەند کرابوون، بە شێوەی نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
هەواڵدەریی میزان بە بێ ئاماژە بە شوێنی لەسێدارەدانی ئەم دوو ناڕازییە لاوە نووسیویەتی: "دادگا بە سەرنجدان بە ڕاپۆرتی ناوەندی عەمەلیاتی پۆلیسی ئیتلاعاتی تاران، بڕگەکانی داواکاریی پێڕاگەیشتنی یاسایی، دانپێدانانی ڕاشکاوی تۆمەتباران، بەڵگەکان سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی مزگەوتی جەعفەری و حەوزەی علمییەی ئیمام مەهدی، تۆماری بەرەوڕووبوونەوەی خزمەتگوزاری حەوزەی علمیە وەک شایەتحاڵ، ناسینەوەی تۆمەتبارەکان، بە پشتبەستن بە بڕگەی یەکی یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی سەهیۆنیستی و وڵاتانی دوژمن دژی تەناهیی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و باقی ڕێوشوێنە یاساییەکان، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیای بە تۆمەتی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەمنییەتی وڵات بۆ ڕێژیمی سەهیۆنیستی و دەوڵەتانی دوژمنی ئامریکا و گرووپە دژبەرەکان و کەسانی سەر بەوان کە ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگەی بەدواوە بووە و چوونە نێو شوێنی ئایینی و پیرۆز بە مەبەستی تێکدان و ئاگرتێبەردانی کەلوپەلی دەوڵەتی و تایبەتی لەوانە مزگەوت و حەوزەی علمیە بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی شەڕ و دۆخی ئەمنییەتیدا، بە سزای سێدارە و دەستداگرتن بە سەر مڵک و ماڵەکەیاندا مەحکووم کرد."
دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بەڕێوە چووبوو.
هەواڵدەریی میزان ڕایگەیاندووە کە "پاش دەرچوونی حوکمەکە، پارێزەرەکانی تۆمەتباران لە دیوانی باڵای وڵاتدا داوای وەگەڕخرانەوەی دۆسییەکەیان کرد، بەڵام دادوەرەکان بە سەرنجدان بە بەڵگەکانی بەردەست لە دۆسییەکە، حوکمەکەیان پشتڕاست کردەوە."
هەواڵدەریی میزان ئاماژەی بە جێبەجێکرانی ئەم حوکمە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی وردی دۆسییەکە لە قۆناغەکانی دادگادا کردووە، بەڵام ئاماژەی بە هیچکام لە وەردەکارییەکانی دادگا لەوانە، ڕێکەوت، دۆخی دادگاییکردن، لقی پێڕاگەیشتن، وردەکاریی ڕەوتی دادرەسی و کۆبوونەوەکانی دادگا و شێوەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەرگری لە خۆ نەکردووە.