ورمێ؛ مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سێدارە درا

09:36 - 13 بانەمەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەی نهێنێ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا.

هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە بێ ئاماژە بە شوێنی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە نووسیویەتی کە "حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵلازادە دوای تێپەڕاندنی ڕێوشوینی یاسایی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ جێبەجێ کرا."

٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ مێحراب عەبدوڵلازادە بە بیانووی دەرگیری لەگەڵ بەرپرسانی بەندیخانە لە کاتی چاوپێکەوتن، لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ داواکاریی پێراگەیشتنی دووبارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی بالای ولاتەوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنی داواکاریی دووبارە، لقی ٣٩ی دیوانی بالای وڵات لە دەرکردنی بڕیاری ڕاوەستاندنی حوکمەکە خۆی بوارد.

٩ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵلازادە بە شێوەی کاتی راوەستا و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕداەستی دیوانی باڵای وڵات کرا. ئەم حوکمە کە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤دا لە دیوانی بالای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە، بۆ جێبەجێکران ڕەوانەی یەکەی جێبەجێکاری بەندیخانەی ورمێ کرا و دوابەدوای ناڕەزایەتیی پارێزەرەکانی دۆسییەکە جارێکی دیکە لە دیوانی باڵای ولاتدا کەوتە ژێر ڕەوتی پێداچوونەوە.

٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی پشتڕاست کردەوە.

ئەم بەندکراوە بۆ وەرگرتنی دانپێدادانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا کەتووەتە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییەوە.

لە دۆسییەی ئەم لاوە کوردەدا، کوشتنی هێزیكی بەسیجی وەپاڵ دراوە کە لە کۆتاییدا بووە هۆی وەپاڵدانی تۆمەتەکانی "افساد فی الارض" و "بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست" و دەرکردنی حکومی سێدارە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" و ئەم حوکمە پاش سێ کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣دا دەرچوو و مانگێک دواتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەندرا.

دۆسییەی ئەم بەندکراوی سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی "سوڵتانزادە" کرا و پاش دەرچوونی بڕیاری بەدواداچوون، ڕادەستی لقی یەکی داداگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.

مێحراب عەبدوڵڵازادە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی "وەلیعەسر"ی ورمێ بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

مێحراب عەبدوڵڵازادە لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦، کوڕی محەممەدئەمین و خەڵکی گوندی "خوشالان" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێیە کە خەریکی کاری ئارایشگەری بووە.