ورمێ؛ ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور بە شێوەی نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هەواڵدەریی میزان، سەر بە هێزی دادوەریی کۆماری ئیسلامی باسی لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور، دوو بەندکراوی تۆمەتبار بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" کرد.
ئەم هەواڵدەرییە بە بێ ئاماژە بە شوێنی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە ڕایگەیاندووە کە "ئەوان پاش پێڕاگەیشتنی یاسایی بە دەسییەکانیان و پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکانیان لەلایەن دیوانی باڵای وڵات" لە سێدارە دران.
ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ دادوەری جێبەجێکرانی حوکمەکان و ناردنیان بۆ پزیشکی داداوەری لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
٧ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ پاش پشتڕاستکردنەوەی سێیەمین جاری حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە دوانی باڵای وڵات، باوک و دایکی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی لێوڕێژ لە نیگەرانی و دۆشداماوی خوازیاری ڕاگرتنی حوکمەکە بوون.
سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە لە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە و هەمان ڕۆژ ڕادەستی نووسینگەی جێبەجێکاری حوکمەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا؛ حوکمێک کە پێشتر دوو جار بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدان بە هۆکارەکانی بێتاوان بوون لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشابوویەوە، بەڵام ئەمجارە هاوکات لەگەڵ کەشی شەڕی ئەم دواییانە جارێکی تر پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم بەندکراوە پێشتر لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، لەلایەن لی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا. ئەم حوکمە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا لە قۆناغی داواکاریی کۆتاییدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدان بە هۆکارەکانی بێ تاوان بوون و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرا.
لە درێژەدا، ناوبراو جارێکی دیکە لەلایەن لقی ٢ی دادهای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە لەسێدارەدران سزا درا کە ئەم حوکمەش لە خەزەڵوەری ١٤٠٤دا سەرلەنوێ لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە هۆی کەموکۆڕیی دۆسییەکەی هەڵوەشایەوە. بەم حاڵەوە لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بۆ جاری سێهەم هەمان تۆمەتی وەپاڵ درا و حوکمی سێدارەی بە دەرچوو کە لە کۆتاییدا ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.
ناسر بەکرزادە، خەڵکی ورمێ یەکەم جار لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی یارسانی خەڵکی میاندواو کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە تۆمەتی "افساد فی الارض" لە ڕێگەی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.
ئەم هاووڵاتییە لە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە میاندواو دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر بنەمای "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ناردنی زانیاری" ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی درا و لەژێر گوشاری هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بوو.
یەعقووب کەریمپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگە هەتا کاتی ناردنی دۆسییەکەی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و لە گرتنگەدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەری کراوە.
کۆبوونەوەی موحاکمەکردنی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووە و لە دادگایەکی کورتی ١٥ خولەکیدا، بە تۆمەتی " افساد فی الارض" لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.