کەرەج؛ ۹ ساڵ و ۳ مانگ بەندکران بۆ سێ لاوی کوردی دەسبەسەرکراوی ئیلامی لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ محەممەدئەمین شەمسی، ئەمیر ئێمرایی و کامیار ئێمرایی
۱۰ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ سێ لاوی کوردی خەڵکی "دەرەشار"ی ئیلام و دانیشتووی کەرەج بە ناوەکانی "محەممەدئەمین شەمسی"، "ئەمیر ئێمرایی" و "کامیار ئێمرایی" کە لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەند کرابوون، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرجەم بە ٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دران.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "محەممەدئەمین شەمسی" تەمەن ٢٩ ساڵان، "ئەمیر ئێمرایی" ٢٣ ساڵان و "کامیار ئێمرایی" ٢٢ ساڵان، سێ لاوی کوردی خەڵکی "دەرەشار" و دانیشتووی کەرەجن کە لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و لەکاتێکدا کە لە بەندیخانەی قزڵحەسار ڕاگیراون، هەرکامەیان بە ٣ ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراون.
وردەکاریی زیاتر لەو لقەوە کە حوکمەکەی دەرکردووە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە سەرنجدان بە ڕێژەی سزاکە، ئەگەری هەیە کە ئەم حوکمە لەلایەن یەکێک لە دادگاکانی ئینقلابی کەرەجەوە و بە ئەگەری زۆرەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی وڵات" بەپێی بڕگەی ٦١٠ی یاسای سزای ئیسلامی دەرکراوە؛ تۆمەتێک کە بەتایبەت لە دۆسییەکانی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکان لە باوترین تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بەئەژمار دێن.
سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ؛ "محەممەدئەمین شەمسی"، "ئەمیر ئێمرایی" و "کامیار ئێمرایی" لە درێژەی دەسبەسەرکرانیاندا چەندین جار لەلایەن زیندانبانەکانەوە لێیان دراوە. ئەوان هەروەها بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی و لە شوێنی نادیار ڕاگیراون. بەم هۆیەوە دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەم سێ بەندکراوە لە بەندیخانەدا ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخیان زۆر بووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، "محەممەدئەمین شەمسی"، ناڕەزایەتیی بە حوکمی یەک مانگ بەندکرانەکەی خۆی دەربڕیوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕادەستی لقەکانی دادگای پێداچوونەوە کراوە.
ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە درێژەی ماوەی دەسبەسەرکرانی خۆیاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.