سنە؛ ئازادیی وریا موید و جەماڵ خوداکەرەمی پاش ٩٦ ڕۆژ دەسبەسەرکران ؛ لە چالاکانی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار

22:02 - 10 جۆزەردان 2726

١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ "وریا موید" و "جەماڵ خوداکەرەمی" دوو کەس لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی سنە کە لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکانی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەگەڵ چەند چالاکی مەدەنیی دیکە لەم شارە دەسبەسەر کرابوون، لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا پاش ٣ مانگ و ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "وریا موید" و "جەماڵ خوداکەرەمی" لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی سنە، ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەگەڵ ٨ کەس لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو لە شەپۆلێکی دەسبەسەرکرانی ئامانجداردا دەسبەسەر کران. ئەم دوو چالاکە مەدەنییە پاش ٣ مانگ و ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا و بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کران. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بۆ ئازادیی وریا موید سەرەتا بارمتەی یەک میلیاردی دیاری کرابوو بەڵام دادوەری دۆسییەکە بارمتەی بۆ ٣ میلیارد تمەن گۆڕی.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە هەتا ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سنەدا لێپرسینەوەیان لێ کرابوو. دواتر بەهۆی چۆڵکردنی بەپەلەی ئەم ناوەندە بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە، بۆ بەندی دابڕگە و دواتر بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ناوەندی سنە ڕاگویزرابوون.

سەرچاوەی کوردپا دەڵێ تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە قۆناغی لێپرسینەوەدا، بریتی بوون لە "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی"، "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، "پێکهێنانی دەستە و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی نیزام".
ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ۱۴۰۴لانیکەم ١٠ چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو بە ناوەکانی «کەیوان زەندکەریمی»، «شاهۆ محەممەدی»، «جەماڵ خوداڕەحمی»، «خەبات ئەسەدی»، «ئارمان سەلیمی»، «خالید سەیف‌پەناهی»، «قانع خاتری»، «بەیان فەرەجوڵاهی»، «دلێر ئەسکەندری» و «وریا موید» بەشێوەی توندوتیژانە و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

"وریا موید" هاووڵاتیی خەڵکی سنە، پێشتریش لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠١دا لە شاری بانە و هاوکات لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤یش کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ هاووڵاتییان نێردرابوو کە هەر چەشنە چالاکییەک لە دنیای مەجازی و گشتی" وەک "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و تێکدانی نەزمی گشتی" دەناسرێت و هاووڵاتییان بە شێوەی یاسایی سزا دەدرێن.