دێهلۆڕان/ئیلام؛ ۸ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی زەهرا محەممەدوەلی
۹ ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "زەهرا محەممەدوەلی"، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵانی کورد، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "زەهرا محەممەدوەلی"، لاوی ٢٧ ساڵانی خەڵكی ئاودانان و دانیشتووی دێهلۆڕان، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی تلفۆنی بێبەری بووە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی نییە.