سنە؛ فەرهەنگ شێخەڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا
۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ ڕۆژی یەکشەممە ۴ی جۆزەردانی ۱۴۰۵، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سنە بە ناوی "فەرهەنگ شێخەڵە"، کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ تۆمەتی "کوشتن" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "فەرهەنگ شێخەڵە" کە لە ساڵی ١٤٠١دا لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتی "کوشتن" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە پێکهاتەی سزای قیساسدا لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەموو جۆرەکانی کوشتنی بەئەنقەست یەک سزایان هەیە و ئەویش "قیساسی نەفس"ە و حاڵەتەکانی وەک "بەرگری ڕەوا"، "دەرگیریی نەخوارزاو"، دۆخی ڕوودانی تاوان، ویستی تۆمەتبار یان دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ناوبراو کاریگەرییەکی وای لەسەر دەرچوونی حوکمەکە نییە.
کەوایە، جیانەکردنەوەی جۆرەکانی کوشتن، جیا لە توندییەکەی، لاوازبوون و ویستی تۆمەتبارەکە، کە لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی دەرچوونی حوکمی سێدارە، لەلایەک و پێدانی مافی ئەستاندنی ژیان بە بنەماڵە لەلایەکی دیکە، هەم لەگەڵ بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی ئێران لە بڕگەکانی ٦ و ١٤ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسی، بەتایبەت مافی ژیان و پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە، دژایەتی هەیە و هەم لەگەڵ ئەرکە حکوومەتییەکان لە ئەسڵەکنی ١٥٦ و ٢٢ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاستای پاراستنی گیانی کەسەکان و دابینکردنی دادپەروەری گشتی ناتەبایە.
لەو ڕووەوە کە لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە، کەوایە شاردنەوە و ڕانەگەیاندنی فەرمیی جێبەجێکردنی ئەم حوکمە، نەتەنیا ئیمکانی هەلسەنگاندنی دادپەروەرانەبوونی رەوتی دادگایەکە لەنێو دەبات، بەڵکوو پێویستیی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی یاسایی لە ڕاستای پلەبەندیی تاوانی کوشتن و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی هەنووکەیی قیساسی نەفسیش زیاتر لە پێش ئاشکرا دەکات.