بۆکان؛ دەرکردن و ئەستاندنەوەی جلی مامۆستا مەلا عوسمان زاکری بە بێ دادگایی، بە تۆمەتی "باس نەکردن لە مەرگی خامنەیی" لە مزگەوت
۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ مامۆستا "مەلا عوسمان ذاکری"، پێشنوێژی خۆشەویستی مزگەوتی جامیعەی "عەلیاوا"ی بۆکان، بە بێ بەڕێوەچوونی دادگا و تێپەڕاندنی ڕەوتی یاسایی دادڕەسی، بە تۆمەتی باس نەکردن لە "مەرگی خامنەیی" لە مزگەوت لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، لە پێشنوێژیی ئەم مزگەوتە لادرا و جلی ئایینی لێ وەرگیرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی دەرکرانی لە پیشنوێژیی مزگەوتی جامیعەی "عەلیاوا"ی بۆکان و وەرگرتنەوەی جلی ئایینی بۆ مامۆستا "مەلا عوسمان زاکری" دەرچووە. ئەم حوکمە بە بێ بەڕێوەچوونی دادگا و تێپەڕینی ڕەوتی یاسایی دادگایی و لە دوای دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان و ناردنی بۆ شۆرای گەورەی ڕۆژاوای وڵات دەرچووە. تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراویش "وتووێژ و باس نەکردنی مەرگی خامنەیی لە مزگەوت لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژە"دا ڕاگەیەندراوە.
مامۆستا "مەلا عوسمان زاکری" لە مامۆستایانی خۆشناو، خەڵکی و جێ متمانەی شاری بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەرە و لە نێو مامۆستایانی ئایینیی کورددا بە ڕاستگۆیی و خۆشناوی بەناوبانگە.
ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئامانجی پشتیوانی لە بنەماڵە هەژار و دەسکورتەکان، سندووقی پشتیوانی و خێرخوازیی لە مزگەوتدا دامەزراندبوو کە نزیکەی ٦٠ بنەماڵەی هەژار لە شاری بۆکان و دەوروبەری لەخۆ دەگرت.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: لە جیاتی مامۆستا "مەلا عوسمان زاکری"، کەسێک بە ناوی "مەلا ئەیووب ڕەزم" کە لە مامۆستایانی هەواداری حکوومەتە و سێ ژنی هەیە، وەک پێشنوێژی نوێی مزگەوتی جامیعەی "عەلیاوا"ی بۆکان دانراوە. بە وتەی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ئەم مەلایەدا، خەڵكی ناوچەی عەلیاوا لە ناڕەزایەتی بە دانانی، لەوێ ئامادە نەبوون و تەنیا ژمارەیەک لە هەوادارانی حکوومەت لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد.