بۆکان؛ حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی ژن، ژیان، ئازادی، لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە، محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخمەعرووفی
۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوەکانی "ڕەئووف شێخمەعرووفی" و "محەممەد فەرەجی" لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە و ئەم دوو بەندکراوە ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
پێشتر دوو جار حوکمی لەسێدارەدانی ئەم کەسانە لە دادگاکانی ئینقلابی مەهاباد و میاندواودا دەرچووبوو و ئێستا بۆ جاری سێیەم لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بە ئەگەری زۆرەوە لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا، حوکمی سێدارەی "ڕەئووف شێخمەعرووفی" و " محەممەد فەرەجی" لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە. حوکمی سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە سەرەتا لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە دەرچوو، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی لە دیوانی باڵای وڵات، دۆسییەکە ڕادەستی یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلاب لە پارێزگای ورمێ لە شاری میاندواو کرا. لە درێژەدا دادگای ئینقلابی میاندواو جارێکی دیکە حوکمی سێدارەی بۆ دەرکردن و ئەم حوکمە ئێستا لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە و ڕەوانەی لقی جێبەجێکاری حوکمەکان کراوە. بەم پێیە، مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ئارادایە.
ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە بەندیخانەی بۆکان ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان سەبارەت بە ئەگەری خێرای جێبەجێکرانی حوکمەکەیان نیگەرانن.
"ڕەئووف شێخمەعرووفی" لە ڕێکەوتی ۵ی بەفرانباری ۱۴۰۱ و "محەممەد فەرەجی" لە ڕێکەوتی ۳ی ڕەشەمەی ۱۴۰۱، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.
کوردپا هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لە ئەستۆگرتنی تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی هێزێکی ئەمنییەتی" لە بۆکان، ئەو دوو کەسەیان خستووەتە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییەوە.
ئەم دوو بەندکراوە دواتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزران.
٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣، کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە "ڕەئووف شێخمەعرووفی" و "محەممەد فەرەجی" بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری خۆیان لەگەڵ تۆمەتی "افساد فیالارض" بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەڕەشەی دەرکردنی حوکمی سێدارەیان لێ کراوە.
ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە هەموو ماوەی نزیک بە یەک ساڵەکەدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەری کراون. ئەوان نە خۆیان و نە بنەماڵەکانیان لەسەر شوناسی پارێزەری دیاریکراوی دادگا زانیارییەکیان نەبوو و بە بنەماڵەکانیان وترابوو کە تەنیا لە کاتی کۆبوونەوکانی دادگادا ئیمکانی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانیان دەبێ.
هەروەها لەە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ دەسبەسەکرانی ئەم دوو بەندکراوەدا و لە درێژەی ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانیان و دەرچوونی حوکمەکانیان، ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان دژایەتییان لەگەڵ ئازادیی کاتییان و قەبووڵکردنی بارمتە بۆ ئازادییان کردووە.
ڕەشەمەی ۱۴۰۴، "ڕەئووف شێخمەعرووفی" و "محەممەد فەرەجی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحاربه" و "افساد فیالارض" به لەسێدارەدران مەحکووم کران. ئەم دوو بەندکراوە لە مانگەکانی پێش دەرچوونی ئەم حوکمە، بەشێوەی جیاجیا لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهاباد موحاکمە کرابوون و حوکمەکانیشیان لە ڕێکەوتی ۵ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە فەرمی لە بەندیخانەی بۆکان پێیان ڕاگەیەندرا.