ورمێ؛ بانگکردنی دووبارە، پشکنینی ماڵ و دەستداگرتن بەسەر بارمتەی ٣ میلیاردیی بنەماڵەی سەعید سەعیدی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بۆ ئاشکراکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو     

00:26 - 10 جۆزەردان 2726

۸ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی ئێران، بنەماڵەی "سەعید سەعیدی"، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات و دەسبەسەرکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ورمێ، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەشێوەی بەردەوام، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراون، هەڕەشەیان لێ کراوە و کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە تاکوو شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو ئاشکرا بکەن.هەروەها بارمتەی ئازادیی ناوبراو کە ٣ میلیارد تمەن بووە، دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ بنەماڵەی "سەعید سەعیدی" که دانیشتووی شارۆچکەی "دزەی مەرگەوەڕ"ی ورمێ لە پارێزگای ورمێن، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بانگ کراون و کەوتوونە ژێر گوشار و هەڕەشەوە. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان چەندین جار بە بێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی ئەم بنەماڵەیە و وێڕای هەڕەشەکردن لێیان و ئازاردانی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە، ماڵەکەشیان بە بەربڵاوی پشکنیون تاکوو زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەعید لە دەرەوەی وڵاتیان دەس کەوێ.

لەلایەکی دیکەوە، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەکە، بە سەرنجدان بەوەی کە "سەعید سەعیدی" دەسبەسەرکراوی پێشووی سیاسی بووە و تاپۆیەکی وەک بارمتە ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کردووە، بنەماڵەکەی ناچار بوون بۆ پێشگرتن لە دەستداگرتن بەسەر تاپۆکەدا، ٣ میلیارد تمەن پارە بە حکوومەت بدەن. بە جۆرێک کە بنەماڵەکە بۆ پێشگرتن لە دەستداگرتن بەسەر ئەو تاپۆیەدا، ناچار بوون بەشە باخێک و ماشینێک بفرۆشن تاکوو بتوانن پارە دیاریکراوەکە بدەن و تاپۆکە ئازاد بکەن.

بەپێی بەڵگەیەک کە لە پێوەندی لەگەڵ بارمتەکەدا بەدەستی کوردپا گەیشتووە، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ لە ڕێکەوتی ۲۲ی ڕەشەمەی ۱۴۰۲دا و پاش چەند مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بڕیاری قەبووڵکردنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کاتیی سەعید دەدەن و بە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێی ڕادەگەیێنن.

هەروەها ڕۆژی دواتر، لە ڕێکەوتی ۲۳ی ڕەشەمەی ۱۴۰۲دا، لقی دەسبەسەرکرانی ئیدارەی تۆمارکردنی تاپۆکانی ناوچەی یەکی ورمێ، ئەم مڵکە بەشێوەی فەرمی ڕادەگرێ و دەیخاتە دۆخی "دەسبەسەرکرانی یاسایی"یەوە.

پێشینەی دەسبەسەرکرانی سەعید سەعیدی؛ سەعید سەعیدی لە ڕێکەوتی ۹ی بەفرانباری ۱۴۰۲دا دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە بەنددا بوو کە سێ مانگی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا دەرباز کرد. ناوبراو دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا و مانگێکی دیکە لەم بەندیخانەیە مایەوە، لەکاتێکدا کە لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کرابوو. هاوکات لە دژیشی دۆسییەسازی ئەمنییەتی کرابوو و دۆسییەکەی ڕەوانەی تاران کرابوو.

لە درێژەدا بەهۆی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی و دۆخی جەستەیی ناجێگیری "سەعید سەعیدی" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە کۆتاییدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و بە بارمتەی ٣ میلیاردییەوە مورەخەسیی پێ درا. 

ناوبراو دوای ئەوە و بە سەرنجدان بە بەردەوامیی دۆسییەسازیی ئەمنییەتی، بێبەریبوون لە ئازادیی کاتی و ئەگەری دەرکردنی حوکمی قورس، ئێرانی بەجێ هێشت و پەنای بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ برد.

هەروەها پاش چوونەدەرەوەی لە ئێران، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو لە دۆسییەکەی تۆمەتی قورسی تێدایە و ئەگەری دەرکردنی سزای سێدارەشی هەیە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە چالاکییەکانی "سەعید سەعیدی" لە دەرەوەی ئێران هیچ پێوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نییە. ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا جەختی کردەوە کە بەرپرسایەتیی چوونەدەرەوەی لە ئێران و چالاکییە سیاسییەکانی لە ئەستۆی خۆیەتی و بنەماڵەکەی نابێ بە هۆی چالاکییەکانی ئەوەوە، بکەونە ژێر گوشارەوە، بانگ بکرێن یان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان کێ بکرێت.