بەندیخانەی ورمێ؛ ڕاگواستنی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە بۆ شوێنێکی نادیار؛ دەستڕاگەیشتنی پارێزەرەکانی بە سامانەی سەنا سنووردار کراوە
۱۰ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەدکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە دیوانی باڵای وڵاتدا و زۆربوونەوەی مەترسیی جێبەجێکرانی حەکمەکەی و پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی مافخوازیی بنەماڵەکەی کە تێێدا ڕایانگەیاندوبوو کە "گیانی بیتاوانی کوڕەکەمان لە مەترسیی سێدارەدایە"، پارێزەرەکانی دۆسییەکە دەسبەجێ داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەیان کرد. بەم حاڵەوە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گوشارەکان بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەی ورمێ بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە و دەنگدانەوەی بەربڵاوی لە میدیاکاندا زۆری کردووە.
هاوکات پارێزەرەکانی ناوبراو باسیان لە سنوورداربوونەوەی دەستڕاگەیشتنی خۆیان بە سامانەی سەنا و بێ ئاگابوون لە ئاخرین دۆخی داواکاریی پێڕاگەیشتنی دووبارە کردووە و ئەم بەندکراوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگگادار لەمبارەوە بە کوردپای وت کە بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی مافخوازیی باوک و دایکی ناسر بەکرزادە و دەنگدانەوەی بەربڵاوی مەترسیی لەسێدارەدانی ناوبراو، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشار و پاشان لە بەندیخانەوەی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر ڕەئیسیان یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە کە لە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و لە ٥ی بانەمەڕدا بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە، دەسبەجێ بەرەوڕووی داواکاریی پێداچوونەوەی دووبارە بووەتەوە؛ بەڵام نیوەڕی ١٠ی بانمەڕی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بانگ کرا و پاش چەند کاتژمێر نەگەڕایەوە بۆ بەندیخانە. ناوبراو وتیشی کە دوابەدوای سەردانی سامانەی سەنا بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی دۆسییەکەی، دەستڕاگەیشتی پارێزەرەکان بە دۆسییەکە سنووردار کرا و هیچ زانیارییەک لەبارەی بڕیارەکان لەبەر دەستدا نییە.
۷ ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە بۆ جاری سێهەم لە دیوانی باڵای وڵات، باوک و دایکی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی پڕ لە نیگەرانی و دۆشداماوی خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی سێدارەکەی بوون. ئەوان بە جەختکردنەوە لەسەر بێتاوان بوونی کوڕەکەیان و گەشتیاربوونی ڕایانگەیاند: "ناسر هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە" و داوایان کرد کە "فریای ناسر بکەون و مەهێن لە سێدارەی بدەن."
سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە لە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە و هەمان ڕۆژ ڕادەستی نووسینگەی جێبەجێکاری حوکمەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا؛ حوکمێک کە پێشتر دوو جار بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدان بە هۆکارەکانی بێتاوان بوون لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشابوویەوە، بەڵام ئەمجارە هاوکات لەگەڵ کەشی شەڕی ئەم دواییانە جارێکی تر پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم بەندکراوە پێشتر لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، لەلایەن لی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا. ئەم حوکمە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا لە قۆناغی داواکاریی کۆتاییدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدان بە هۆکارەکانی بێ تاوان بوون و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرا.
لە درێژەدا، ناوبراو جارێکی دیکە لەلایەن لقی ٢ی دادهای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە لەسێدارەدران سزا درا کە ئەم حوکمەش لە خەزەڵوەری ١٤٠٤دا سەرلەنوێ لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە هۆی کەموکۆڕیی دۆسییەکەی هەڵوەشایەوە. بەم حاڵەوە لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بۆ جاری سێهەم هەمان تۆمەتی وەپاڵ درا و حوکمی سێدارەی بە دەرچوو کە لە کۆتاییدا ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.
ناسر بەکرزادە، خەڵکی ورمێ یەکەم جار لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.