کرماشان؛ ئازادیی بەهمەن نادری، دەسبەسەرکراوی بەفرانبار و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، پاش ۱۰۸ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە
۸ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ "بەهمەن نادری" بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، پاش ۳ مانگ و ۱۸ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، که ۲۵ ڕۆژی لەژێر لێپرسینەوە و لە ژووری تاکەکەسیی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشاندا دەرباز کردبوو، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛،"بەهمەن نادری" ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٥ بە هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ناوبراو پاش٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسیی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵاوا ڕاگوێزرا و لە کۆتاییدا پاش ١٠٨ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ڕۆژی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە ماوەی ٣ مانگ و ١٨ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
هەروەها لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا کە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە، لە هەموو ئەم مافانە و تەنانەت پێوەندیی تلفۆنیش بێبەری کراوە.
بەهمەن نادری،هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، خێزاندارە و لەدایکبووی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٦٩ــیە.
لە ماوەی ساڵەکانی ١٤٠٢ هەتا ١٤٠٤، بەهمەن نادری لانیکەم چوار جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە، لە چەند دۆسییەی دادوەریشدا بەرەوڕووی تۆمەتگەلێکی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ تێکدانی تەناهیی وڵات" و "بێڕێزی بە بەرپرسانی فەرمی" بووەتەوە و دادگایی کراوە.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ چالاکیی ناڕەزایەتی، بڵاوکردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن،ژیان، ئازادیدا چەندین جار بانگ و دەسبەسەر کراوە و پاش تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەری، مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و بەندیخانە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.
هەروەها تاکوو ئێستا حوکمگەلێکی وەک بەندکرانی داسەپاو، بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سزای نەختیشی بەسەردا سەپاوە و لاپەڕەی ئینستاگرامەکەشی بە بڕیاری دادوەری بلۆک کراوە.
پێشینەی دەسبەسەرکران و حوکمدرانی بەهمەن نادری لە ماوەی ساڵەکانی ۱۴۰۲ هەتا ۱۴۰۳ و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛
بەهمەن نادری ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢دا لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو ڕۆژی ۷ی خاکەلێوەی ۱۴۰۳ لەلایەن لقی یەکی دادگا ئینقلابی کرماشانەوە به تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" به شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە بە بوونی خۆی پێی ڕاگەیەندرا. کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانیشی لە ۶ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲دا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بەڕێوە چووبوو و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیشی، بڵاوکردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیەندرابوو.
ناوبراو هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ڕوونکردنەوەی پێ درا و پاش چەند کاتژمێر بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تۆمەتانەدا، ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگرییەکانی بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣بەهمەن نادری، لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای کرماشان ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ تێکدانی تەناهیی وڵات و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" تۆمەتبار کردبوو. بەهمەن پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای کرماشان، لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوا لەم شارە ڕاگوێزرا و ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
۲۱ی سەرماوەزی ۱۴۰۳، بەهمەن نادری لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشانەوه به تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" به یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ۱۰ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە بە شێوەی فەرمی به ناوبراو ڕاگەیەندرا.
۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۳ش ناوبراو لەلایەن لقی ۱۰۵ی دادگای کەیفەری دووی کرماشانەوه به تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسانی فەرمی و مەئموورەکان" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا. کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی بەهمەن نادری ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ۱۴۰۳ لە لقی ۱۰۵ی دادگای کەیفەری دووی کرماشاندا بەڕێوە چووبوو.