بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی مەنیژە خۆشنوود لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

00:07 - 10 جۆزەردان 2726

ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی ٥٨ ساڵانی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاویەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها لەپتاپ، مۆبایل و هەندێ لە کتێبەکانی ئەم ژنەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ژنە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ش، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم ژنە دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.