داڵاهۆ؛ کوژرانی دوو برای کوردی یارسان پاش چەندین مانگ ڕاوەدوونان پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، موجتەبا و مەیسەم وەیسی

08:07 - 8 جۆزەردان 2726

دوو برای کوردی یارسان و خەڵکی داڵاهۆ به ناوەکانی «موجتەبا وەیسی» و «مەیسەم وەیسی» که لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ـــەوە هێزە ئەمنییەتییەکان بەدوایانەوە بوون تاکوو دەسبەسەریان بکەن، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە  ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە کاتێکدا کە لە گوندەگەی خۆیان، خۆیان حەشار دابوو، بە فیشەکی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان کرانە ئامانج و گیانیان لەدەست دا.

ئەو ڤیدیۆیانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون نیشانی دەدەن کە موجتەبا وەیسی، کە پێشتر بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوو، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا کەوتووەتە ژێر گوشارەوە تاکوو بە بێ بانگکرانی دادوەری خۆی بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بناسێنێ؛ لەکاتێکدا کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ سەرنجدان بە دۆخی ئەو، داوای لێ دەکەن کە بنەماڵەکەی لەم بابەتە ئاگادار نەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا وتی؛ دوو برای کوردی یارسان و خەڵکی داڵاهۆبە ناوەکانی "مەجتەبا وەیسی" و "مەیسەم وەیسی" کە لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ــەوە هێزە ئەمنییەکان بە دوایانەوە بوون و لە گوندی "خولەکەوش" سەر بە شار داڵاهۆ خۆیان حەشار دابوو، پاش دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە، گوند و ماڵێک کە تێیدا بوون کرایە ئامانجی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژران.

پاش قەتڵی حکوومەتیی ئەم دوو برای یارسانە، تەرمەکانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە ڕاگوێزرا و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوەتەوە.

تاکوو ئێستا زانیاریی زیاتر سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی ئەم دوو برایە لەبەر دەستدا نییە و ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەم ڕادە لە توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆ لەم دوو لاوە، کە چەند مانگ لە هەوڵی دەسبەسەرکرانیاندا بوون، هەڵسوکەوتیان کردووە؟ بەڵام یەکێک لە چالاکانی کۆمەڵگەی یارسان هەر لەم پێوەندییەدا بە کوردپای وت؛ پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و سەرکوتی توندوتیژ و کوشتاری بەرفراوانی ناڕازییان، بەتایبەت لە ناوچەی "دەرەدرێژ"ی کرماشان کە زۆربەی دانیشتووانی پێڕەوی ئایینی یارسانن، ڕەوتی بەربڵاوی دەسبەسەرکردن یان سڕینەوەی کەسەکان بە ئامانجی ترساندنی کۆمەڵگە دەستی پێ کردووە و  هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کەسانە و چالاکان دەستی ئاوەڵا کراوە؛ پرسێک کە دەتوانێ تەقەی ڕاستەوخۆ و ئامانجدار و کوشتنی ئەوانی بەدواوە بێ.

مەیسەم و مەجتەبا وەیسی برای یەک  و هەر دوو خێزاندار بوون و 
منداڵی بچووکیان هەبوو.

ئەوان لە سیما فەرهەنگی و مەدەنییەکان،لە پێڕەوانی ئایینی یارسان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی دەرەدرێژی کرماشان بوون.

هەروەها موجتەبا وەیسی لە زۆرانبازە ناسراوەکانی پارێزگاکە بوو کە چەندین پلەی لە ئاستی پارێزگاکەشدا بووە و لە بواری ژەندنی مۆسیقا و نیگارکێشیشدا چالاکیی هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە موجتەبا وەیسی لە ساڵی ١٤٠٣دا دەسبەسەر و چەندین جار بانگی ئیتلاعات کرابوو.

١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣؛ موجتەبا وەیسی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لە پارکی "شیرین"ی کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا؛ لەکاتیکدا کە کچە بچووکەی خۆی لەگەڵ بوو و هێزە ئەمنییەتییەکان کچەکەیان هەر لە هەمان شوێن بەجێ هێشتبوو.


هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو، ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کرماشان لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی فەرهەنگی ڕاگەیەندرابوو.

 ناوبراو ڕۆژی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا؛  لەکاتێکدا کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو. ئەو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان لەژێر لێپرسینەوەدا بووە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوا لەم شارە ڕاگوێزرابوو.

دەقی وتووێژی هێزێکی ئەمنییەتی لەگەڵ موجتەبا وەیسی لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بۆ ماوەی ٣ خولەک و ٤١ چرکە بە ئامانجی بانگکردن و لێپرسینەوە؛
"هێزی ئەمنیەتی: موجتەبا، ئەمڕۆ نەهاتی؟
موجتەبا: ناتوانم کتێبخانە کەسێکی لێ نییە.

هێزی ئەمنییەتی: ئەگەر هاتی، هاتی، ئەگینا دەسبەسەر دەکرێی.
موجتەبا: ئەگەر بەڵگەی دادگام بۆ بنێرن، دێم، ئەگینا لە ڕاستیدا نایەم. بە گیانی
منداڵەکەم کێشەیەکم نییە و شتێک بە خۆمەوە شک نابەم. بەگیانی ئاغا سەیدنەسرەدین(پیری گەورەی یارسان) دەماری خۆم دەبڕم. چیتان لە گیانم دەوێ؟ کێشەی من چییە؟ زیندانیتان کردم، پێتان وتم ئەرازل و ئەوباش. پێم بڵێن چیم کردووە.

لە دادگاوە نامە بنێرن، لە خزمەتدام؛ بەڵام بەم تلفۆنانە نایەم. شتێک بەخۆمەوە شک نابەم. ئێوە لەخۆڕا لەمنتان هەڵپێچاوە و بنەماڵەکەمتان تووشی سترێس کردووە. بە گیانی منداڵەکەم ئاگر لە خۆم بەردەدەم، ئیتر بەسە.

هێزی ئەمنییەتی: دەنگت بەرز کردەوە؟
موجتەبا: دەنگم بەرز کردەوە چونکە ناڕەحەتم، ئەگینا من یاخی نیم.

هێزی ئەمنییەتی: جەنابی وەیسی ئێمە هاوڕێیانە بانگهێشتمان کردی.
موجتەبا: برای من، من وتم تۆ کەسێکی باشی، بەڵام حوکمی دادگا بگرە، بەسەر چاو لە خزمەتدام.

هێزی ئەمنییەتی: من هاوڕێیانە بانگهێشتم کردی.
موجتەبا: بۆ نموونە ئەگەر دوژمنانەش بێت، کێشەی من چییە؟
چی بکەم؟ نە ستۆرییەکی ناڕەزایەتیم داناوە.نە ناڕەزایەتیم دەربڕیوە. خەڵک بە هۆی گرانییەوە کێشەیان هەیە، بەڵام تەنانەت کارم بە گرانی و شتی دیکەش نەبووە.

هێزی ئەمنییەتی: ئێمە ویستمان هاوڕێیانە قسە بکەین.
موجتەبا: من ناتوانم بێم. هاوسەرەکەم نەخۆشە و کێشەم هەیە و ٢٠ ڕۆژی دیکەش دەبێ بچمە زیندان.

هێزی ئەمنییەتی: ئاغەی وەیسی بەڕای من وەرە با هاوڕێیانە قسە بکەین.
موجتەبا: من دەڵێم خۆت وەرە با قسە بکەین. بە بەڵگە یان هەر شتێک وەرە، من بۆت واژۆ دەکەم، پاشان لە سێدارەم بدەن. شوێنی من دیارە، لە کتێبخانەم و هیچ کێشەیەکم نییە. تەنانەت ستۆرییەکی ناڕەزایەتیم دانەناوە. و کارم بەم پرسانەوە نەبووە.

هێزی ئەمنییەتی: من دەزانم و لە هەموو شت ئاگادارم. بەڵام من و چەند کەس لە هاوڕێیان دەمانەوێ قسەت لەگەڵ بکەین.

موجتەبا: خۆت یان هەرکەس کە دەیەوێ، بێنە کتێبخانە قسە بکەین. من ناتوانم بێم. هاوسەرەکەم نەخۆشە و ناتوانم هاوسەرەکم، منداڵەکەم و بنەماڵەکەم تووشی سترێس بکەم.

هێزی ئەمنییەتی: کێشەی خۆتە. بە بنەماڵەکەت مەڵێ.
موجتەبا: نابێ بنەماڵەکەم بزانن؟

هێزی ئەمنییەتی: ئەم سترێسە خۆت بە بنەماڵەکەتی دەدەی.
موجتەبا: ئاغە هەر ئەم تلفۆنکردنەتان خۆی سترێسە. تلفۆن بۆ هەر کەس دەکەن تووشی سترێس و ناڕەحەتیی دەکەن. واتە نابێ من بە بنەماڵەکەم بڵێم؟

هێزی ئەمنییەتی: سبەی دەبێ کاتژمێر یەک و چارەک لێرە بیت.
موجتەبا: ناتوانم. ئەگەر خۆت هاتی لێرە لە ماڵەوەم؛ ئەگینا ناتوانم."