شنۆ؛ ئازادیی ئارمان دەرویشی و میلاد شادیخا پاش ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورس

15:49 - 6 جۆزەردان 2726

ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ دوو لاوی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "ئارمان دەرویشی" و "میلاد شادیخا" دوای ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی قورسی ٣ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ "ئارمان دەرویشی" کوڕی ئەمیر و تەمەن ٢٠ ساڵ، لەگەڵ "میلاد شادیخا" ناسراو بە "میلاد قەرە" کوڕی عەلی و تەمەن ٢٢ ساڵ، کە خەڵکی گوندی "سینگان"ی سەر بە شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێن، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەمە یەکەمجارە کە هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئەم دوو لاوە کوردە، هاوکات لەگەڵ ئازادبوونیان دوای ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بڵاو دەبێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە شوێنی نادیار و لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدا بوون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.