ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی عەلی ئێسکەندەری و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

08:34 - 2 جۆزەردان 2726

١ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵكی شاری ئیلام بە ناوی "عەلی ئێسکەندەری" لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "عەلی ئێسکەندەری" هاووڵاتیی تەمەن ٤١ ساڵانی خەڵكی ئیلام، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە شێوەی توندوتیژ و بە بێ بەڵگەیی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.