نەغەدە؛ ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە سێدارە دران
سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەری باسی لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری نەغەدە کرد.
ئەم هەواڵدەرییە بە بێ ئاماژە بە شوێنی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە نووسیویەتی: "ڕامین زلە کوڕی کەماڵ و کەریم مەعرووفپوور کوڕی کەماڵ بە تاوانی پێکهێنانی گرووپ بۆ تێکدانی ئەمنییەتیی وڵات، هەوڵی چەکداری لە ڕێگەی پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری، تەقەکردن و هەوڵدان بۆ تێرۆر، پاش پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانیان لە ناوەندە دادوەرییەکان و پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا لە سێدارە دران."
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە بە شێوەی نهێنی و بە بێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەری دۆسییەکانیان لە سێدارە دراون.
ئەم دوو بەندکراوە سیاسییەی بەندکراو لە بەندیخانەی نەغەدە پاش ئەوەی کە لە دادگایەکی چەند خولەکیدا و بە بێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دەسنیشانکراوی خۆیان دادگایی کران، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سیامی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و سەرماوەزی ١٤٠٤، حوکمی دادگای سەرەتاییان پێ ڕاگەیەندرا.
ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە هەموو قۆناغەکانی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون.
ڕامین زلە لە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.
کەریم مەعرووفپووریش بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.