پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی سەباح بێوارە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
۲۶ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە کوردستانی ئێراندا، لاوێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "سەباح بێوارە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ شەوی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "سەباح بێوارە" لاوی ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی "کەڵەکین" سەر بە پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکایان لێی نییە.