پیرانشار؛ ٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی ڕەهای چارەنووسی شەهرام پەسوپیش
۲۵ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لاوێکی خەڵكی پیرانشار بە ناوی "شەهرام پەسوپیش"، هێشتا زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "شەهرام پەسوپیش" کوڕی لوقمان و خەڵكی گوندی "چیانە"ی سەر بە پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی کەسە نزیکەکانی، تاکوو ئێستا زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "عێزەدین پەسوپیش" کوڕە مامی "شەهرام پەسوپیش" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمییەتییەکانی ورمێ کرا.