پیرانشار؛ ئازادی سەعدی بادپا پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی
١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ لاوێکی کورد بە ناوی «سەعدی بادپا» تەمەن ٢٣ ساڵه خەڵکی پیرانشار پاش مانگێک دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانه بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: سەعدی بادپا لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانه لە ماڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
شایانی باسە لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر تێلێفۆن و ماشینی ناوبراویان گرتووە و تاکوو ئێستا سەرەڕای ئازادی کاتی ڕادەستی ئەم هاووڵاتییە نەکراون.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ڕوون نەکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. هەروها ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.