پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی عەبدوڵڵا نەبی‌زادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

17:13 - 14 بانەمەڕ 2726

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «عەبدوڵڵا نەبی‌زادە» خەڵکی گوندی «چیانه» سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانه لە ماڵەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.