سەقز؛ ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سوبحان عەزیزی و ئومێد خۆرشیدی
٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی «سوبحان عەزیزی» و «ئومێد خۆرشیدی»، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان بەردەستدا نییە و ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەشن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، «سوبحان عەزیزی» و «ئومێد خۆرشیدی» بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کە هێرشیان بردبووە سەر ماڵەکانیان، دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
پێویستە ئاماژەش بەوە بدرێت کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕوون نەکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.