بۆکان؛ ئازادیی کاتی سێ برای کورد ناسر یادیار، مووسا یادیار و حەمزە یادیار بە دانانی بارمتە

05:46 - 25 خاکەلێوه 2726

٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناسر یادیار، مووسا یادیار و حەمزە یادیار، سێ برای خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ برایە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیاندا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کرابوون  و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، گواسترابوونەوە بۆ زیندانی بۆکان.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، مووسا یادیار و حەمزە یادیاریان لە گوندی «قەرمووساڵی»ـی بۆکان و ناسر یادیاریان لە گوندی «داشبەند»ـی بۆکان دەسبەسەر کردبوو.

ڕەسووڵ یادیار، برای ئەم سێ هاووڵاتییەش، شەوی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، گواسترایەوە بۆ زیندانی بۆکان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ برایە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.