ورمێ؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی حەدیس حەقیقی، بلاگێری کورد

01:30 - 23 خاکەلێوه 2726

٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی حەدیس حەقیقی، بلاگێری ٢١ ساڵەی کوردی خەڵکی ورمێ، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، لەبەردەست نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە کوردپای ڕاگەیاند، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شەودا و بەبێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەم بلاگێرە و لەگەڵ باوکی دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە زیادیکرد: حەدیس حەقیقی و باوکی لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.

هەروەها وتیشی: لاپەڕەی کەسیی ئینستاگرامی ئەم بلاگێرە بە بڕیاری دادگا داخراوە.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە، هەوڵەکانی بنەماڵەی حەقیقی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی حەدیس و باوکی بێئاکام بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا: لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا – ئیسرائیل، ژمارەیەک لە بلاگێرە کوردەکانی ورمێ بانگهێشت کراون بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئامرازە ئەلیکترۆنییەکانیان لێی وەرگرتن و مافی چالاکی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لێی قەدەغە کردوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حەدیس حەقیقی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.