بۆکان؛ تێپەڕبوونی حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونی چارەنووسی یووسف کەریمی

20:03 - 21 خاکەلێوه 2726

٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی یووسف کەریمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لە ماڵەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە و هێندێک لە کەلووپەلی تایبەتی ناوبراویان لەگەڵ خۆی بردووە.

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند: یووسف کەریمی تا ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: تا ئێستا هەوڵەکانی بنەماڵەی یووسف کەریمی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، بێئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ڕوون نەکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە.