پیرانشار؛ تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتوویەک لە دەسبەسەری سەرەڕۆیانە و ناڕوونی چارەنووسی ئیبراهیم ڕەحمانی، چالاکی ژینگەپارێز

03:23 - 20 خاکەلێوه 2726

۱۸ی خاکەلێوەی ۱۴۰۵ — سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئیبراهیم ڕەحمانی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و چالاکی ژینگەپارێز، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنەکەی لە بەردەستدا نییە.

ئەم چالاکەی ژینگەپارێز لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و هەروەها لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەرییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ «کوردپا» پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئیبراهیم ڕەحمانی نزیکەی حەوتوویەک پێشتر، لە کاتی هێرشی شەوانەی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم چالاکە ڕوون نەکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو هێشتا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەرییە.