ورمێ؛ ١١ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی فەریدە کێتابی، دایکی سارە سدێقی، بێبەریکران لە دەستڕاگەیشتن بە ئەنسۆلین، چاوپێکەوتن و پارێزەر
١٧ی خاکەلێوەی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ژنە هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی "فەریدە کێتابی میاندواو" دایکی "سارە سدێقی هەمەدانی" لە چالاکانی کۆمەڵگەی کوییر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، خزمەتگوزاریی پزیشکی و پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
"سارە سدێقی هەمەدانی" لەمبارەوە بە کوردپای وت کە ئاگادار کراوەتەوە ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دایکی بەناوی "فەریدە کێتابی میاندواو"، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەسبەسەر کراوە. بە وتەی ناوبراو، لە کاتی دەسبەسەرکردنەکەوە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی دایکی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو بەتەواوەتی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو بە دەربڕینی نیگەرانیی زۆر سەبارەت بە دۆخی دایکی ڕایگەیاند کە ناوبراو تووشبووی شەکرەیە و پێویستی بە کوتانی ڕێکوپێک و بەردەوامی ئەنسۆلینە. ناڕوونیی چارەنووسی ناوبراو و ئەگەری دەستڕانەگەیشتنی بە خزمەتگوزاری پزیشکی، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیانی ئەم ژنەی زۆر کردووە.
سارە سدێقی هەمەدانی هەروەها دەڵێ کە تاکوو ئێستا هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی دایکی ناڕوونن و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
سارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیە لە حەوتەمین ڕۆژدا، لە بەردەم ناوەندێکی دیپلۆماتیک لە شاری "بۆن"ی ئاڵمان مانی گرت و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ئەم مانگرتنە بەردەوامە.
سارە سدێقی هەمەدانی، چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لە ساڵی ١٤٠٠دا لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لە بواری مافی کۆمەڵگەی "ئێڵ جی بی تی" (کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان) و بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە "پەرەدان بە هاوڕەگەزخوازی" ناوی دەبات، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا پاش چەند مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و پاش هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەکەی، بە بارمتەی قورس ئازاد کرا و لە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا گەیشتە وڵاتێکی پارێزراو.