ورمێ؛ ١٨ ڕۆژی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی شلێر مامقادری ناوبراو تووشبووی شێرپەنجە و سەرپەرستی بنەماڵەیە
٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "شلێر مامقادری" ژنی ٣٤ ساڵانی کوردی خەڵکی مەهاباد، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ڕوون نییە کە لە چ شوێنێک ڕاگیراوە. ناوبراو کە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤یشدا دەسبەسەر کرابوو، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکە و سەرپەرستیی دوو منداڵەکەشی لە ئەستۆیە. بەم حاڵەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و منداڵەکانی بێ سەرپەرست ماونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: شلێر مامقادری سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بەدواداچوونەکان نیشانیان داوە کە ناوبراو لە ورمێ و بە ئەگەری زۆرەوە لە ناوەندە ئەمەنییەتییەکان ڕاگیراوە. ناوبراو لە ماوەی ئەم ١٨ ڕۆژەدا تەنیا پێوەندییەکی تلفۆنیی چەن چرکەیی هەبووە و ڕایگەیاندووە کە باشە، بەڵام پێوەندییەکەی زۆر زوو پچڕاوە.
ئەمە دووەمین دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوویە. لە نیوەشەوی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا، دەیان هێزی ئەمنییەتیی چەکدار بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەی و بە توندوتیژی، هەڕەشە و جنێودان ناوبراویان دەسبەسەر کرد؛ لە کاتێکدا کە تەنانەت دەرفەتی لەبەرکردنی جلوبەرگی گونجاوی پێ نەدراوە. ناوبراو بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگوێزرا و لە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا پاش دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بە وتەی سەرچاوەکان ناوبراو کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توند جەستەیی و دەروونی و لاقێکی شکاوە؛ بە جۆرێک کە پاش ئازادکرانی ڕاستەوخۆ چوووەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە و پێویستیشی بە درێژەدانی وەرگرتنی چارەسەر بووە. ناوبراو لەو دەسبەسەرکرانەدا لە دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانی بێبەری کراوە و تەنیا دوو پێوەندیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
ئەم دەسبەسەرکرانانە لەکاتێکدان کە شلێر مامقادری زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ شێرپەنجە شەڕ دەکات و دەرمانی کیمیایی وەردەگرێ و بەردەوام پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان هەیە.
بەم حاڵەوە لە هەر دوو قۆناغی دەسبەسەرکراندا، ئیزنی پێ نەدراوە دەرمانەکانی لەگەڵ خۆی ببات.
شلێر مامقادری سەرپەرستیی دوو کچەکەی لە ئەستۆیە کە یەکێکیان ساوایە. ناوبراو بە پاکوخاوێنکردنەوەی ماڵان بژێوی ژیانی خۆی بەدەست هێناوە و تێچووی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم ژنە لاوە بڵاو نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، پێڕاگەیشتنی پزیشکی و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری کراوە. ئەم دۆخە لەپاڵ دۆخی ژیانی ناوبراو، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پیشێلکردنی مافی مرۆیی ناوبراو و منداڵەکانی زۆر کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، کوردپا بە جەختکردنەوە لەسەر سەرەڕۆیانەبوونی دەسبەسەرکرانی شلێر مامقادری، بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی ناوبراو و بێبەریکرانی لە درمانەکانی تایبەت بە شێرپەنجەکەی و بەتەنیا مانەوەی منداڵەکانی، ئەم حاڵەتانە بە نموونەگەلێک لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، بەتایبەت بەرانبەر بە ژنان و منداڵان، هەڵدەسەنگێنێ؛ پێشێلکارییەک کە لە سێبەری پێکهاتەی زاڵ لە کۆماری ئیسلامیدا، بە بێ هەر چەشنە پشتیوانییەکی کارا لەم کەسانە، درێژەی هەیە.