بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی مریەم داوودیان، هاووڵاتیی کوردی ٥٨ ساڵە و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، مریەم داوودیان، هاووڵاتیی کوردی ٥٨ ساڵە خەڵکی بۆکان، دوای بانگهێشتکرانی بۆ سەتادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەسبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کورده دوای بانگهێشتی تێلێفۆنی بۆ سەتادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کرا و بە بڕیاری دەسبەسەری کاتیی ١٠ ڕۆژە، بۆ دابڕگەی بەندی ژنان لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیکرد: مریەم داوودیان تووشی چەندین نەخۆشی بووە و پێویستییەکی خێرای بە چاودێریی پزیشکی و دەستپڕاگەیشتنی بەردەوام بە دەرمانەکانی هەیە.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا: ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پەیوەندییەکی تێلێفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە گواستراوەتەوە بۆ دابڕگەی بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.