ئیلام؛ ساسان و پەرەستوو چەمەن‌ئارا پاش ٣٦ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کران

05:44 - 2 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، ساسان و پەرەستوو چەمەن‌ئارا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام پاش ٣٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانه بە دانانی بارمتەی ٧ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم خۆشک و برایە لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ساسان چەمەن‌ئارا، زیندانی سیاسیی پێشوو و هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام، لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی پەرەستوو چەمەن‌ئارا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانه دەسبەسەر کران.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.