سەقز؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سەحەر مێهدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

10:50 - 31 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «سەحەر مێهدی» خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەو هاووڵاتییە پاش پێوەندی تێلێفۆنی لەگەڵ براکەی کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەحەر مێهدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.